دایکت لە خەونیدا ڕووناکییەکی لێوە دەرچوو هەموو جیهانی ڕووناک کردەوە، بەڵام ئێمە لە کاتی بە ئاگاییماندا ڕووناکی پەیامەکەتمان بینی، سڵاوت لێ بێت لە ڕۆژی لە دایکبوونتدا ئەی سەرداری خەڵکی!

سڵاوت لێ بێت، ئەو دەمەی منداڵێکی سێوی بووی، لە دواییدا باوکانی جیهانت فێر کرد چۆن منداڵەکانیان پەروەردە بکەن!

سڵاوت لێ بێت، ئەو دەمەی شەش ساڵه‌ بووی لە پەنای گۆڕی دایکتدا دواتر کوڕەکانی جیهانت فێر کرد کە (دایکت دایکت دایکت پاشان باوکت)!

سڵاوت لێ بێت لەو دەمەی دوانزە ساڵان بووی، شوانکاریت دەکرد بۆ ئەوەی بار نەبیت بەسەر مامەتەوە، لە منداڵیدا پیاوبوویت، لە لاویدا پیاوبوویت، لە گەورەیتدا پیاوبوویت!

سڵاوت لێ بێت ئەو دەمەی بازرگانێک بوویت لە شام، درۆ و فێڵت نەدەکرد و کاڵاکەت بە سوێندی درۆ نەدەفرۆشت، ڕاستگۆ و دەستپاک بوویت، تەنانەت ئەوانەی پەیامەکەتیان بەدرۆ خستەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان تانەیان لە ڕەوشتت نەدا، شایەتی خودات بەسە: ﴿وَإِنَّكَ لَعَلَىٰ خُلُقٍ عَظِيمٖ ﴾ واتە: 

تۆ له‌سه‌ر ڕه‌وشت و خویه‌کی ئێجگار به‌رزو گه‌وره‌یت.

سڵاوت لێ بێت لەو دەمەی بیست و پێنج ساڵان بووی، ڕۆژی هاوسەرگیری کردن لەگەڵ خەدیجەدا، خەدیجە ئەی پێغەمبەری خودا، ئەشکەوت و پەناگەت، بەرەی ناوخۆییت، ئازاترین سوارچاکت، ئەو کەسەی تا کۆتا هەناسەی ژیانت لەبارەیەوە دەتوت: خودا لە خەدیجە باشتری پێ نەبەخشیوم!

سڵاوت لێ بێت لەو دەمەی چل ساڵان بووی، هێندە پێ گەیشتی کە قورسایی ئەم پەیامە هەڵبگریت، ئەی نەخوێنەوار!﴿ٱقۡرَأۡ ﴾... ئەی ئەو کەسەی تا ئێستا یەک پیتت نەنووسیوە! ﴿ خُذِ ٱلۡكِتَٰبَ بِقُوَّةٖ ﴾... لە ئیمڕۆ بەدواوە ژیان ناگەڕێتەوە دۆخی پێشووی خوی، ئەو ئوممەتەی لەسەر کەمێک لەوەڕگا و ئاو یەکتریان دەکوشت ئەوا لەگەڵ ئیمپراتۆریەتەکاندا دەجەنگێت و دەوڵەتەکان لەناو دەبات، ئەمە چ گەورەییەکە ئەی پێغەمبەری خودا چ گەورەییەکە؟!

سڵاوت لێ بێت لە ڕۆژی بەدردا، پێمان ڕادەگەیەنیت نیشتمانی مرۆڤ بیروباوەڕەکەیەتی و هۆزەکەی ئایینەکەیەتی!

سڵاوت لێ بێت لە ڕۆژی ئوحودا، پێمان ڕادەگەیەنیت سەرکردە ڕاناکات، سەری مووبارەکت و چوار ددانی پێشەوەیان شکاندیت، تۆش ڕاوەستاوبوویت و دەتفەرموو: ئەو گەلە چۆن سەرفراز دەبێت کە سەری پێغەمبەرەکەی دەشکێنێت؟ وەڵڵاهی ئەو هەسارەیەی خوێنی تۆی تێدا ڕژاوە هەسارەیەکی خراپە!

سڵاوت لێ بێت لە ڕۆژی ڕزگارکردنی مەککەدا، بە قوڕەیش دەڵێیت من وەک ئێوە نیم، ئێوە ئازادن بڕۆن! بەدرۆیان خستیتەوە، ئازاریان دای، پيلانیان گێڕا بۆ ئەوەی بتکوژن، شاربەدەریان کردیت، یاوەرانت بەدەستی ئەوان کوژران، بەڵام تۆڵە ناکەیتەوە، ئای لەو دڵەت!

سڵاوت لێ بێت لە حەجی ماڵئاوایـیدا، خاڵ دەخەیتە سەر پیتەکان، هەمووتان لە ئادەمن و ئادەمیش لە خۆڵه، ئەمە دینی بیروباوەڕە نەک ڕەچەڵەک، دینی دڵە نەک ڕەنگی پێست، بیلالی حەبەشی و سوهەیبی ڕۆمی و سەلمانی فارسی لە بەهەشتن، ئەبو لەهەبی هاشمی و ئومەیەی کوڕی خەلەفی قوڕەیشی لە ئاگردان، لە نێوان خودا و بەندەکانیدا خزمایەتی نییه!

سڵاوت لێ بێت لەو ڕۆژەی سەرپشک کرایت لەنێوان دنیا و ڕەفیقی ئەعلا لە بەهەشتدا، ئەوەی لای خودات دیاری کرد، شایەدی دەدەین پەیامەکەت گەیاند، ئەمانەتەکەت بەجێ گەیاند، ئوممەتت ئامۆژگاری کرد، هیچ چاکەیەک نەما ئیللا ڕێنوێنیت کردین بۆی، هیچ خراپەیەک نەما ئیللا ئاگادارت کردینەوە لێی، لەلامان قورسه کە نەگەیشتوینە دیدارت، چاومان گەش نەبووە بە نووری ڕوخسارت، بەڵام ڕازین بەو دڵنەواییەی کە دڵنەوایت پێ کردوین، (دیدەنیمان سەر حەوزی کەوسەره)!

 

- کتێبێ پەیامی دڵنیایی

 #ئەدهەم_شەرقاوی